{{إِذْ قَالُواْ لَيُوسُفُ وَأَخُوهُ أَحَبُّ إِلَى أَبِينَا مِنَّا وَنَحْنُ عُصْبَةٌ إِنَّ أَبَانَا لَفِي ضَلاَلٍ مُّبِينٍ ﴿٨﴾
اقْتُلُواْ يُوسُفَ أَوِ اطْرَحُوهُ أَرْضًا يَخْلُ لَكُمْ وَجْهُ أَبِيكُمْ وَتَكُونُواْ مِن بَعْدِهِ قَوْمًا صَالِحِينَ ﴿٩﴾
قَالَ قَآئِلٌ مَّنْهُمْ لاَ تَقْتُلُواْ يُوسُفَ وَأَلْقُوهُ فِي غَيَابَةِ الْجُبِّ يَلْتَقِطْهُ بَعْضُ السَّيَّارَةِ إِن كُنتُمْ فَاعِلِينَ ﴿١٠﴾
قَالُواْ يَا أَبَانَا مَا لَكَ لاَ تَأْمَنَّا عَلَى يُوسُفَ وَإِنَّا لَهُ لَنَاصِحُونَ ﴿١١﴾
أَرْسِلْهُ مَعَنَا غَدًا يَرْتَعْ وَيَلْعَبْ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ ﴿١٢﴾
قَالَ إِنِّي لَيَحْزُنُنِي أَن تَذْهَبُواْ بِهِ وَأَخَافُ أَن يَأْكُلَهُ الذِّئْبُ وَأَنتُمْ عَنْهُ غَافِلُونَ ﴿١٣﴾
قَالُواْ لَئِنْ أَكَلَهُ الذِّئْبُ وَنَحْنُ عُصْبَةٌ إِنَّا إِذًا لَّخَاسِرُونَ ﴿١٤﴾}} يوسف.
واتە:
کاتێک براکانی یوسف بە بۆچوونی خۆیان گوتیان. ئەمە سوێندی بێت (یوسف) و براکەی کە (ناوی بنيامين) بوو، لای بابمان لەئێمە خۆشەویسترن، لەکاتێکدا ئێمە دەستەو کۆمەڵە پیاوێکین هەق وایە دڵ بەئێمە بدات، بەڕاستی بابمان لەسەرلێشێواوێکی ئاشکرادایە. لەناو خۆیاندا بڕیاریانداو گوتیان: چار هەر ئەویە بیکوژن!! یان فڕەیدەنە شوێنێکی چۆڵ و بیابانەوە، ئەو کاتە سەرنج و ڕووی بابتان یەکلا دەبێتەوە بۆتان و ڕوو هەر بەئێوە دەدات وەدوای یوسف تەوبە دەکەن و، دەبنە پیاو چاک و، گیروگرفتیشتان نامێنێت. یەکێک لەبراکانی گوتی: یوسف مەکوژن، بەڵکو بیهاوێنە ناو بیرێکی قووڵەوە. ئەوسا بۆ دوایی هەندێ کاروانچی دێت و دەچنە سەر بیرەکە و دەری دێنن و هەڵی دەگرن و ئێوە ڕزگار دەبن و ئەویش ناکوژرێت، ئەگەر هەر دەتانەوێ ئەو کارە بکەن(٢).
هەرهەموویان ئەو پێشنیارەیان بەدڵ بوو و پەسندیان کرد و دەستیان کرد بە جێبەجێ کردنی کارەکەیان. ئەوەبوو سەرەتا چوونە لای باوکیان و بەفڕوفێڵ داوای ئەوەیان لێکرد ڕێگەیان بدات (یوسف) لەگەڵ خۆیاندا ببەنە دەرەوە، ئەوەش دوای هەست کردنیان بەوەی کە باوکیان (یوسف)یان لێ دوور دەخاتەوە.
ئەوان بەباوکیان گوت: بابە بۆچی یوسف بە ئێمە ناسپێریت، تۆ چ گومانێکت لەئێمە پەیدا کردووە کە (یوسف)مان لێ دوور دەخەیەوە؟ ئێمە بۆتی دووپات دەکەینەوە کە خۆشمان دەوێت، سبەینێ لەگەڵماندا بینێرە بۆ ئەو مێرگانە پێکەوە یاری دەکەین و پارێزگاری لێ دەکەین. باوکیان وەڵامی دانەوەو گوتی: من دەترسم لەگەڵتاندا بینێرم و ئێوەش لێ ی بێ ئاگابن و گورگ بیخوات.
گوتیان جا ئەگەر ئەو گورگ بیخوات مانای دەمێکە ئیمەشی خواردووە و هەموومان زیانمان پێ دەگات.
دوای پاڕانەوەیەکی زۆر لەباوکیان (یوسف)ی لەگەڵدا ناردن، هەر ئەوەندە دوور کەوتنەوە لەباوکیان کەوتنە سووکایەتی پێکردن و قسە پێگوتن.
ئەوان (یوسف)یان لەگەڵ خۆیاندا برد و بەپێ ی ئەو پیلانە ورد و نەخشە بۆ کێشراوەی کە لەناو خۆیاندا لەسەری رێکەوتبوون کراسەکەی (یوسف)یان داکەندو بە گوریسێک شۆڕیان کردەوە بۆ بنی بیرەکەو بەجێیان هێشت.
هەر کەکردیانە ناویەوە، خودای گەورە و میهرەبان ئەوەی خستە ناو دڵ و زەینی (یوسف)ەوە کە لەو حاڵەتە ڕزگاری دەکات و فێڵی براکانیشی ئاشکرا دەبێت، هەروەها ڕۆژێکیش دێت ئەو برایانەی پێویستیان پێ ی دەبێت.
براکانی (یوسف) دوای ئەنجام دانی کارەکەیان سەر لەئێوارەی ئەو ڕۆژە بەگریانەوە دەگەڕینەوە، گریانێک شایستەی دیارنەمانی (یوسف)ی خۆشەویستی باوکیان بێت، گوتیان: بابە گیان، ئەمڕۆ ئێمە سەرگەرمی پێشبڕکێ بووین و (یوسف)مان لای کەل و پەلەکانمان جێهێشت و لەبێ ئاگایی ئێمەدا گورگ خواردبووی، هەرچەندە تۆ باوەڕ بەقەکانیشمان ناکەیت چونکە بەوە تاوانبارمان دەکەیت کە ڕقمان لێ ی بووبێت گەرچی ئەوەی دەیڵێین ڕاست و ڕەوانیش بێت. ئینجا کراسەکەی (یوسف)یان هێناو خوێنیکی درۆیان لێ دابوو.
(یەعقووب)ی باوکیان دەیزانی ئەو قسانە ڕاست نین و خوێنەکەش کە بە کراسەکەوەیە خوێنی کوڕەکەی نی یە، هەربۆیە پێ یان دەڵیت: بێگومان ئەم کارە خۆتان سازتان داوە، منیش بەشیوەیەکی ڕێک و پێک ئارام دەگرم کە هیچ وەڕس بوون و بێ ئومێدی یەکی تیدا نەبێت. تەنها لەخودای گەورەش داوای یارمەتی دەکەم بۆ دەرخستنی باری ڕاستەقینەی ئەو باسەی ئێوە دەیکەن.
ئەم بەشەی پێشووی چیرۆکەکەش پوختەی لێکدانەوەی ئەم ئایەتانە بوو کەخودای گەورە تێیدا دەفەرموێت:
{{فَلَمَّا ذَهَبُواْ بِهِ وَأَجْمَعُواْ أَن يَجْعَلُوهُ فِي غَيَابَةِ الْجُبِّ وَأَوْحَيْنَآ إِلَيْهِ لَتُنَبِّئَنَّهُم بِأَمْرِهِمْ هَذَا وَهُمْ لاَ يَشْعُرُونَ ﴿١٥﴾
وَجَاؤُواْ أَبَاهُمْ عِشَاء يَبْكُونَ ﴿١٦﴾
قَالُواْ يَا أَبَانَا إِنَّا ذَهَبْنَا نَسْتَبِقُ وَتَرَكْنَا يُوسُفَ عِندَ مَتَاعِنَا فَأَكَلَهُ الذِّئْبُ وَمَا أَنتَ بِمُؤْمِنٍ لِّنَا وَلَوْ كُنَّا صَادِقِينَ ﴿١٧﴾
وَجَآؤُوا عَلَى قَمِيصِهِ بِدَمٍ كَذِبٍ قَالَ بَلْ سَوَّلَتْ لَكُمْ أَنفُسُكُمْ أَمْرًا فَصَبْرٌ جَمِيلٌ وَاللّهُ الْمُسْتَعَانُ عَلَى مَا تَصِفُونَ ﴿١٨﴾
}} يوسف.
بیرەکە لەسەر ڕێگەی میسر (مصر) بوو، وە لەئاوەدانی دوور بوو و ئاوی تێدا بوو، براکانی یوسف دەیان زانی کاروان چیەکان سەردانی ئەو بیرە دەکەن.
کاروانێک لەبەردەم بیرەکەوە تێ دەپەڕێت ( کەبەرەو میسر دەچوون)، کەسێکیان نارد ئاویان بۆ هەڵبکێشێت، ئەویش سەتڵەکەی شۆڕ دەکاتەوە بۆ خوارەوە و (یوسف)یش خۆی پێدا هەڵدەواسێت و لە بیرەکە دێتە دەورەوە. پیاوەکە زۆر دڵشاد دەبیت و بەپەلە دەگەڕێتەوە بۆ لای هاوڕێکانی و بەخۆشحاڵی یەوە پێ یان دەڵێت: مژدە مژدە ئەوە کوڕێکی نەوجەوانە (غلام). ئەو سەردەمە هەرکەس بدۆزرایەتەوە دەکرا بە بەندە و دەفرۆشرا، ئەوانیش (یوسف)یان شاردەوەو کردیانە کەرەستەی فرۆشتن.
کاروانچی یەکان (یوسف) لە بازاڕی کۆیلە فرۆشەکاندا لە میسر بەچەند درهەمێکی کەم دەفرۆشن تا خێرا لە کۆڵ خۆیانی کەنەوە نەبادا کەس و کاری پێ یان بگەن و لێیان بستێننەوە. کڕیارەکەش وەزیری پادشا بوو کە پلەی (عەزیز)ی(٣) هەبووە لە وڵاتەکەدا، هەر کە دەیکڕێت هاوسەرەکەی خۆی ڕادەسپێرێت بەوەی چاک بێت لەگەڵی داو پێ ی دەڵیت: (بەچاکی هەڵس و کەوتی لەگەڵدا بکەو ڕێزی زۆر لێ بگرە تاکو ژیان و گوزەرانی لەلامان خۆش دەبێت و بو ئەوەی سوودمان پێ بگەیەنێت، یان بۆ ئەوەی بیکەین بە کوڕی خۆمان.
جا هەروەک چۆن خودای گەورە پلەیەکی بەرزو ڕێزێکی زۆری بۆ (یوسف) لە ماڵی عەزیزی میسردا مەیسەر کرد، هەرواش دەسەڵات و سەربەستی ی لە بەکارهێنانی گست جۆرە موڵک و کەل و پەلێکی وەزیرەکەشدا بۆ مەیسەرکردبوو، ئەمە جگە لە پلەو پایەیەکی بڵند لەخاکی (میسر)دا، هەروەها خودای گەورە سروشی لێکدانەوەی خەونی پێ بەخشیبوو. بێگومان خودای مەزن خۆی بەتوانایە لەڕاپەڕاندنی هەر کارێکدا بیەوێت و ئیرادەی لەسەربێت. بەڵام زۆربەی خەڵکی نهێنی و ڕازی حیکمەتی خودا نازانن.
کاتیک (یوسف) گەشەی کرد و پێگەیشت وهێزو بازووی تاواوی لەقۆناغی لاوێتی دا بۆ دروست بوو، خودای گەورە حیکمەت وزانینی نهێنی ی شتەکان وزانستیکی بەسوودی پێ بەخشی. ئەم پاداشتەو ئەم جۆرە پاداشتە خودای گەورە هەر بەشایستەی چاکەکاران و خوداناسانی دادەنێت:
{{وَجَاءتْ سَيَّارَةٌ فَأَرْسَلُواْ وَارِدَهُمْ فَأَدْلَى دَلْوَهُ قَالَ يَا بُشْرَى هَذَا غُلاَمٌ وَأَسَرُّوهُ بِضَاعَةً وَاللّهُ عَلِيمٌ بِمَا يَعْمَلُونَ ﴿١٩﴾
وَشَرَوْهُ بِثَمَنٍ بَخْسٍ دَرَاهِمَ مَعْدُودَةٍ وَكَانُواْ فِيهِ مِنَ الزَّاهِدِينَ ﴿٢٠﴾
وَقَالَ الَّذِي اشْتَرَاهُ مِن مِّصْرَ لاِمْرَأَتِهِ أَكْرِمِي مَثْوَاهُ عَسَى أَن يَنفَعَنَا أَوْ نَتَّخِذَهُ وَلَدًا وَكَذَلِكَ مَكَّنِّا لِيُوسُفَ فِي الأَرْضِ وَلِنُعَلِّمَهُ مِن تَأْوِيلِ الأَحَادِيثِ وَاللّهُ غَالِبٌ عَلَى أَمْرِهِ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لاَ يَعْلَمُونَ ﴿٢١﴾
وَلَمَّا بَلَغَ أَشُدَّهُ آتَيْنَاهُ حُكْمًا وَعِلْمًا وَكَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ ﴿٢٢﴾}}. يوسف
تاقی کردنەوە بەئافرەتان
: ژنەکەی (عەزیز)ی میسر (یوسف) فریو دەدات
خودای گەورە بڕێکی زۆری لەجوانی و قەشەنگی بە (یوسف) بەخشی بوو، ئەم جوانی یەش هۆیەکی بەڵاو مەینەتی ی تاقیکاری یەکانی ژیانی بوو..هاوسەرەکەی عەزیزی میسر منداڵی نەبوو لە مێردەکەی و ئەو منداڵە یەکجار جوانەش (کەواتە یوسف) وا لەبەردەستی خۆیدا بوو بەهەرزەکار، مێردەکە دەیویست بیکاتە کوڕی خۆی، چونکە وەجاغ کوێر بوو، بەڵام ئەو ژنە بەچاوی مێیینەی خۆی ئەم جوانی یەی (یوسف)ی دەبینی و دڵی بۆی لێ دەداو هەست و نەستیشی گڕی گرتبوو. ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئارەزووی زیاتر دەبوو لەم گەنجەی بەردەستی و بۆ گەیشتنە مەرامی هات فێڵیکی ڕیکخست.
هەربۆیەش رۆژێکیان کە مێردەکەی لەماڵ نەبوو ئەو ئافرەتە خۆی ڕازاندەوە بەجوانترین شیوەو دەستی کرد بەجێبەجێ کردنی نیازەکەی (ئەوەش دوای ئەوەی کە هەموو دەرگەکانی ماڵەکەی داخست) و (یوسف)ی بانگ کردە ژوورەوەو داوای لێکرد کاری خراپەی لەگەڵ ئەنجام بدات و پێ ی گوت: دەی وەرە!
(یوسف)یش وەکو گەنجێکی خوداپەرست لێ ی دوورکەوتەوەو سەرپێچی لە فەرمانەکەی کردو پێ ی گوت: من پەنام بردە بەرخودا تاکو لە گوناه بم پارێزێت. ئیدی چۆن گوناه دەکەم لەکاتێکدا خودا مێردەکەی تۆی بۆ ڕەخساندم کە ئەویش گەورەی منەو ڕێزی لێ ناوم و چاک ڕەفتار بووە لەگەڵمدا (چۆن خیانەتی لێ دەکەم) چونکە بەڕاستی هەرکەسێک ستەم و خیانەت بکات لەبەرامبەر چاکەکەیدا کە لەگەڵیدا کراوە سەرکەوتوو و سەرفراز نابێت:
{{وَرَاوَدَتْهُ الَّتِي هُوَ فِي بَيْتِهَا عَن نَّفْسِهِ وَغَلَّقَتِ الأَبْوَابَ وَقَالَتْ هَيْتَ لَكَ قَالَ مَعَاذَ اللّهِ إِنَّهُ رَبِّي أَحْسَنَ مَثْوَايَ إِنَّهُ لاَ يُفْلِحُ الظَّالِمُونَ﴿٢٣﴾}}.يوسف
بەڵام ئەو ژنە هیچ بایەخێکی بە وتەکانی (یوسف) نەدا بەڵکو هەر سوور بوو لەسەر ئەو کارەی کە دەیویست ئەنجامی بدات. لەوساتەشدا (یوسف) ڕووناکی ڕاستەقینەی خودای بەدی کردو خۆی بەو نوورەی خودا پارێزراوو بەهرەمەند کردو مەیل و هەوای نەفس نەیتوانی زەفەری پێ ببات وبەربەرەکانی ی (گوناه و یاخی بوونی) پێشاندا بەم ڕەنگەش خودای گەورە خراپەی زیناکاری و ناپاکی (خیانەت)ی لێ دوورخستەوە، چونکە لەو بەندە خوداویست و خوداپەرستانە بوو کە (بەپوختی و بێ گرێ و گۆڵ و پێچ و پەنا) و بەدڵسۆزی یەوە خودای خۆیان دەپەرست.
بۆ دەربازبوون لەچنگی ئەو ئافرەتە (یوسف) کەوتە ڕاکردن بەرەو دەروە تا ڕزگاری ببێت، ئافرەتەکەش بەدوایدا ڕایدەکرد تا نەهێلێت لەو ژوورە دەرچێت وکراسەکەی لەدواوە ڕاکێشا بۆ هێنانەوەی ناو ژوورەکەی، بەڵام کراسەکەی دڕا و توانی ی دەرچیت بۆ دەرەوە...
لەو کاتەدا کت وپڕ هەردووکیان لای دەرگەکە مێردەکەیان دیت کە دەهاتەوە بۆ ماڵەوە. کاتێک ئافرەتەکە مێردەکەی دیت یەکسەر لەتاوی خۆی کەوتە تۆمەتبار کردنی (یوسف) بەتاوانی هەوڵی پەلاماردانی و دەستدرێژی کردنە سەری و داوای زیندانی کردنی دەکرد. (یوسف)یش نکووڵی ی لەو تاوانە کردو گوتی کەوا ئەو ژنە خۆی هەوڵی پەلاماردانی داوەو ویستوویەتی کاری خراپەی لەگەڵدا بکات و ئەویش (واتە یوسف خۆی) بەرگری لەخۆی کردووەو وەڵامی داواکەی نەداوەتەوە.
لەو کاتەدا کەسێکی نزیک (ناسیاو)ی ئافرەتەکە بەسەر ئەو قسەوباس و مشت و مڕەیاندا هات و دوای تێگەیشتن لەڕووداوەکە، گوتی: ئەگەر کراسەکەی ئەو کوڕە لەپێشەوە (لەبەرۆکیەوە) دڕابێت ئەوە بێگومان ژنەکە ڕاست دەڵیت چونکە مانای وایە کوڕەکە هێرشی بردۆتە سەری و بەرەو ڕووی چووەو ژنەکەش بەرگری لەخۆی کردووە، خۆ ئەگەر کراسەکەی لەپشتەوە دڕابێت ئەوە مانای وایە ژنەکە پەلاماری داوەو ئەو کوڕەش تەنها بەرگری لەخۆی کردووەو هەوڵی دەربازبوونی داوە.
میردی ژنەکە دیتی کراسەکەی (یوسف) لەپشتەوە دڕاوە. بەژنەکەی خۆی گوت: بەڕاستی ئەوە پیلان و نەخشەی خۆتانە، بێگومان نەخشەو فێلی ئێوە زۆر گەورەیە لەو جۆرە شتانەدا. دوای ئەوە ڕووی کردە (یوسف)و پێ ی گوت: ئەوەی کە تووشت هات لەبیر خۆتی بەرەوەو گوێی مەدەرێ، بەژنەکەشی گوت: تۆش داوای لێخۆشبوون و لێبووردن بکە لە هەڵەو تاوانەکانت، چونکە بەڕاستی لەم کارەتدا لەگوناهکارانیت(٤).
ئەوەی پێشوو تەفسیری ئەم ئایەتانەی لای خوارەوەیە کە خودای گەورە تێیدا فەرموویە:
{{وَرَاوَدَتْهُ الَّتِي هُوَ فِي بَيْتِهَا عَن نَّفْسِهِ وَغَلَّقَتِ الأَبْوَابَ وَقَالَتْ هَيْتَ لَكَ قَالَ مَعَاذَ اللّهِ إِنَّهُ رَبِّي أَحْسَنَ مَثْوَايَ إِنَّهُ لاَ يُفْلِحُ الظَّالِمُونَ ﴿٢٣﴾
وَلَقَدْ هَمَّتْ بِهِ وَهَمَّ بِهَا لَوْلا أَن رَّأَى بُرْهَانَ رَبِّهِ كَذَلِكَ لِنَصْرِفَ عَنْهُ السُّوءَ وَالْفَحْشَاء إِنَّهُ مِنْ عِبَادِنَا الْمُخْلَصِينَ ﴿٢٤﴾
وَاسُتَبَقَا الْبَابَ وَقَدَّتْ قَمِيصَهُ مِن دُبُرٍ وَأَلْفَيَا سَيِّدَهَا لَدَى الْبَابِ قَالَتْ مَا جَزَاء مَنْ أَرَادَ بِأَهْلِكَ سُوَءًا إِلاَّ أَن يُسْجَنَ أَوْ عَذَابٌ أَلِيمٌ ﴿٢٥﴾
قَالَ هِيَ رَاوَدَتْنِي عَن نَّفْسِي وَشَهِدَ شَاهِدٌ مِّنْ أَهْلِهَا إِن كَانَ قَمِيصُهُ قُدَّ مِن قُبُلٍ فَصَدَقَتْ وَهُوَ مِنَ الكَاذِبِينَ ﴿٢٦﴾
وَإِنْ كَانَ قَمِيصُهُ قُدَّ مِن دُبُرٍ فَكَذَبَتْ وَهُوَ مِن الصَّادِقِينَ ﴿٢٧﴾
فَلَمَّا رَأَى قَمِيصَهُ قُدَّ مِن دُبُرٍ قَالَ إِنَّهُ مِن كَيْدِكُنَّ إِنَّ كَيْدَكُنَّ عَظِيمٌ ﴿٢٨﴾
يُوسُفُ أَعْرِضْ عَنْ هَذَا وَاسْتَغْفِرِي لِذَنبِكِ إِنَّكِ كُنتِ مِنَ الْخَاطِئِينَ ﴿٢٩﴾
}}. يوسف