کافرەکان زۆر دەترسان لەنەمان و تێداچوونی موڵک و دەسەڵاتیان دوای ئەوەی بۆیان ئاشکرا بوو کە زۆربەی خەڵکی لەگەلەکەی (صالح) ڕاستی پێغەمبەرێتی ئەویان بۆ دەرکەوتبوو بە بۆنەی (موعجیزەی پەیدابوونی حوشترەکە). هەر بۆیەش لەناخەوە ڕکێکی زۆریان لە حوشترەکە بوو وە هەڵوێستی ڕکەبەری و دوژمنایەتییان بەرامبەر (صالح) و باوەڕداران گرتەبەر.
(صالح) هەستی بەو هەڵوێستە شەڕخوازیانەی ئەوان کرد و پێی گوتن: ئەی قەوم و کەسم بۆچی ئێوە پەلەی خراپەتانە پێش چاکە و حەز دەکەن بەڵا و ناخۆشیتان بەسەربێت، ئەدی بۆچی داوای لێخۆشبوون لە خودا ناکەن بو ئەوەی ڕەحمتان پێ بکات؟ خەڵکەکە لە وەڵامدا گوتیان: ئێمە تووشی شووم و نەگبەتی بووین بە هۆی تۆ و ئەوانەی لەگەڵ تۆدان (واتە ئیماندارەکان)، صالح گوتی: نەخێر وانیە، نەگبەتی و شوومتان لە لایەن خوداوە بۆدێت (ئەگەر بەردەوام بن لەسەر یاخی بوونتان)، بەڵکو ئێوە قەومێکن کە تاقی دەکرێنەوە:{{قَالَ يَا قَوْمِ لِمَ تَسْتَعْجِلُونَ بِالسَّيِّئَةِ قَبْلَ الْحَسَنَةِ لَوْلَا تَسْتَغْفِرُونَ اللَّهَ لَعَلَّكُمْ تُرْحَمُونَ ﴿٤٦﴾ قَالُوا اطَّيَّرْنَا بِكَ وَبِمَن مَّعَكَ قَالَ طَائِرُكُمْ عِندَ اللَّهِ بَلْ أَنتُمْ قَوْمٌ تُفْتَنُونَ ﴿٤٧﴾}}. ألنمل.
سەربڕینی حوشترەکە
دەستەی دەسەڵاتدارە لووت بەرزەکان لەقەومەکە سەرزەنشتی چەوسێنراوەکانیان دەکرد لەوانەیان کە باوەڕیان هێناوە: باشە ئێوە دەزانن کە (صالح) لەلایەن پەروەردگاریەوە ڕەوانە کراوە؟! لەوەڵامدا ئیمانداران گوتیان: بە دڵنیاییەوە ئێمە باوەڕدارین بەو پەیامەی کە بەودا ڕەوانە کراوە:
{{قَالَ الْمَلأُ الَّذِينَ اسْتَكْبَرُواْ مِن قَوْمِهِ لِلَّذِينَ اسْتُضْعِفُواْ لِمَنْ آمَنَ مِنْهُمْ أَتَعْلَمُونَ أَنَّ صَالِحًا مُّرْسَلٌ مِّن رَّبِّهِ قَالُواْ إِنَّا بِمَا أُرْسِلَ بِهِ مُؤْمِنُونَ ﴿٧٥﴾قَالَ الَّذِينَ اسْتَكْبَرُواْ إِنَّا بِالَّذِيَ آمَنتُمْ بِهِ كَافِرُونَ ﴿٧٦﴾}}.ألأعراف.
سەرانی ئەو گەلە زۆر ناڕەحەت بوون بە وجودی حوشترەکە و لەوەش دەترسان کە ژمارەی باوەڕداران بە بۆنەی ئەو حوشترە زیاد بکات، بۆیە ئەوە وای لێکردن هەوڵی کوشتنی حوشترەکە بدەن سەرەڕای ئەو ئاگاداری یە و هۆشداری یەی لەلایەن پێغەمبەرەکەیانەوە ئاڕاستەیان کراوە دەربارەی سزادانیان و هەڕەشە لێ کردنیشیان بەتیاچوون گەر بەخراپی توخنی حوشترەکە بکەون، کەچی ئەوان بێ باکانە حوشترەکەیان سەربڕی و لەفەرمانی پەروەردگاریان یاخی بوون و گوتیان: ئەی صَالِحً، ئەگەر تۆ لەپێغەمبەرانیت ئادەی ئەو هەڕەشانەی کەلێمان دەکەیت بۆمان پێش بهێنە:
{{فَعَقَرُواْ النَّاقَةَ وَعَتَوْاْ عَنْ أَمْرِ رَبِّهِمْ وَقَالُواْ يَا صَالِحُ ائْتِنَا بِمَا تَعِدُنَا إِن كُنتَ مِنَ الْمُرْسَلِينَ ﴿٧٧﴾}}.ألأعراف.
دوای سەربڕینی حوشترەکە خودای گەورە وادەی سزای بۆ دانان ئەویش بریتی بوو لە سێ ڕۆژ:
{{فَعَقَرُوهَا فَقَالَ تَمَتَّعُواْ فِي دَارِكُمْ ثَلاَثَةَ أَيَّامٍ ذَلِكَ وَعْدٌ غَيْرُ مَكْذُوبٍ ﴿٦٥﴾ }}. هود.[2]
واتە: یەکسەر چوون سەریان بڕی، جا (صالح) یش پێی گوتن: ڕابوێرن لە ماڵ و مەنزڵی خۆتاندا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، (دوای ئەو ماوە دیاری کراوە تێدا دەچن) و ئەوەش پەیمانێکە و هەرگیز بەدرۆ ناخرێتەوە.
پیلان گێڕان بۆ کوشتنی (صالح) پێغەمبەر
{{وَكَانَ فِي الْمَدِينَةِ تِسْعَةُ رَهْطٍ يُفْسِدُونَ فِي الْأَرْضِ وَلَا يُصْلِحُونَ ﴿٤٨﴾قَالُوا تَقَاسَمُوا بِاللَّهِ لَنُبَيِّتَنَّهُ وَأَهْلَهُ ثُمَّ لَنَقُولَنَّ لِوَلِيِّهِ مَا شَهِدْنَا مَهْلِكَ أَهْلِهِ وَإِنَّا لَصَادِقُونَ ﴿٤٩﴾وَمَكَرُوا مَكْرًا وَمَكَرْنَا مَكْرًا وَهُمْ لَا يَشْعُرُونَ ﴿٥٠﴾}}. ألنمل.
واتە: لەو شارەدا نۆ دەستە هەبوو کە گوناه و تاوانیان ئەنجام دەدا و تۆوی خراپەیان لە وڵاتدا دەچاند و بەلای چاکە و چاکەکاریدا نەدەچوون. هەموویان سوێندیان بە خودا بۆ یەکتر خوارد کە لەشەودا بدەن بەسەر (صالح) و ماڵ و منداڵیدا و لەناویان بەرن، پاشان (ئەگەر گومانیان لێکردین) سوێند دەخۆین و بە کەس و کاری دەڵێین: ئێمە ئاگامان لە تێداچوونی ئەوان نیە و دڵنیابن ئێمە ڕاستگۆشین. (ئەو تاوانبارانە) پیلان و تەڵەیان گێڕا (بۆ لەناوبردنی صالح و شوێنکەوتووانی) ئێمەش نەخشەیەکی دیکەمان کێشا (بۆ ڕزگارکردنی ئیمانداران و لەناوبردنی خودا نەناسان) ئەوان ئاگایان لێ نەبوو، هەستیان پێ نەدەکرد.
چارەنووسی ڕەشی گەلی "ثمود"
خودای پەروەردگار دەفەرموێ:
{{فَلَمَّا جَاء أَمْرُنَا نَجَّيْنَا صَالِحًا وَالَّذِينَ آمَنُواْ مَعَهُ بِرَحْمَةٍ مِّنَّا وَمِنْ خِزْيِ يَوْمِئِذٍ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ الْقَوِيُّ الْعَزِيزُ ﴿٦٦﴾وَأَخَذَ الَّذِينَ ظَلَمُواْ الصَّيْحَةُ فَأَصْبَحُواْ فِي دِيَارِهِمْ جَاثِمِينَ ﴿٦٧﴾كَأَن لَّمْ يَغْنَوْاْ فِيهَا أَلاَ إِنَّ ثَمُودَ كَفرُواْ رَبَّهُمْ أَلاَ بُعْدًا لِّثَمُودَ ﴿٦٨﴾ }}. هود.
واتە: جا کاتێك فەرمانی ئێمە هات و بڕیاردرا لەکاتی دیاری کراودا، ئێمە (صالح) و ئەوانەی بڕوایان هێنابوو لەگەڵیدا ڕزگارمان کردن بە میهرەبانی و بەزەیی خۆمان، لەسەرشۆڕی ئەو ڕۆژەش پەناماندان، بەڕاستی پەروەردگارت هەر خۆی خاوەنی هێز و باڵادەستە. جا ئەو دەنگە سامناکەی - کە بووە هۆی تێداچوونیان - هەموو ئەوانەی گرتەوە کە تاوان و ستەمیان کرد و فەرمانبەرداری پەروەردگاریان نەبوون، سەرەنجام هەموویان لەشوێنەکانی خۆیاندا کەوتن بەڕووی زەویدا و تێداچوون لە بەرەبەیاندا.وەك ئەوەی لەو شوێنەدا نەبووبن و تێیدا نەژیابن، بەڕاستی هۆزی ثَمُودَ بێ بڕوا بوون بە پەروەردگاریان، ئاگاداربن بڕیاری دووری لە بەزەیی خودا درا بۆ هۆزی ثَمُودَیش.
ئەوەیە ئەنجامی لووت بەرزی و لەخۆ بایی بوون و بێ باوەڕی، بەڕاستی ئەم سزایەی کەگەلی (ثمود) ی گرتەوەو هەر وەها گەلانی پێشووتریش بەهۆی پشت کردنە خودای پەروەردگار و بێ باوەڕییان، بێگومان گەلانی دیکەش دەگریتەوە کە لەڕیی حەق لادەدەن و بێ ویژدانن. ئەمەش بێگومان پەندێکی کاریگەرە کە قورئانی پیرۆز دەیخاتە بەر چاوانمان تاکو بەتینترین وانەی لێ وەربگرین.
لەناوچوونی گەلی "ثمود
"
لە ناوبردنی گەلی "ثمود" بە هەورە تریشقە (ألصاعقة) بووە، هەوروەک خودای گەورە لەقورئانی پیرۆزدا دەفەرموێ:
{{وَفِي ثَمُودَ إِذْ قِيلَ لَهُمْ تَمَتَّعُوا حَتَّى حِينٍ ﴿٤٣﴾فَعَتَوْا عَنْ أَمْرِ رَبِّهِمْ فَأَخَذَتْهُمُ الصَّاعِقَةُ وَهُمْ يَنظُرُونَ ﴿٤٤﴾
فَمَا اسْتَطَاعُوا مِن قِيَامٍ وَمَا كَانُوا مُنتَصِرِينَ ﴿٤٥﴾}}. ألذاريات.
واتە: هەروەها لە بەسەرهاتی ثمودیشدا پەند و ئامۆژگاری هەیە، کاتێک پێیان گوترا: تا ماوەیەک ڕابوێرن!! ئەوانیش لە فەرمانی پەروەردگاریان یاخی بوون، کتوپڕ بروسکەیەک پێچانیەوە و بەچاوی ئەبڵەقەوە دەیانڕوانی. ئیدی نەیانتوانی هەستنە سەر پێ و سەرکەوتووش نەبوون.
وشەی "صاعقة" بەو بروسکە گەورەیە (کە ئاگرێکی ئاسمان) ە دەگوترێت کە پێك دێت لە شۆرتێکی کارەبایی نێوان دوو بارگەی جیاوازی کارەبایی سارد و گەرم (موجب و سالب) کە لە هەوردا ڕوودەدا و ئەو کاتەی دەگاتە سەر زەوی، جگە لەوەی کە دەنگێکی بەهێزی هەیە ئەوا مەترسی سووتانی ئەو شوێنەی هەیە کە بەری دەکەوێ، هەروەها کەبەردی گەورەشی لێ بێت وردی دەکات و گەر خانو و بیناشی لێ بێت دەڕووخێت.
هەروەها قورئان لەهەندێک شوێندا وشەی (رجفە ـ واتە زەمین لەرزەی توند) و وشەی (طاغيةـ واتە دەنگی زۆر بەهێز) ی بەکارهێناوە:
{{فَأَخَذَتْهُمُ الرَّجْفَةُ فَأَصْبَحُواْ فِي دَارِهِمْ جَاثِمِينَ ﴿٧٨﴾}}. ألأعراف.
{{كَذَّبَتْ ثَمُودُ وَعَادٌ بِالْقَارِعَةِ ﴿٤﴾فَأَمَّا ثَمُودُ فَأُهْلِكُوا بِالطَّاغِيَةِ ﴿٥﴾}}. ألحاقة.
چا لەبەر ئەوەی هەورە تریشقە (صاعقة) دەنگێکی گەورە دروست دەکات بە وشەی (صيحة) ش ناوبراوە واتە: دەنگ و هاواری زۆر گەورە:
{{وَأَخَذَ الَّذِينَ ظَلَمُواْ الصَّيْحَةُ فَأَصْبَحُواْ فِي دِيَارِهِمْ جَاثِمِينَ ﴿٦٧﴾ }}. هود.
لەوانەشە ئەو هەورە تریشقەیە (صاعقة) لەرزەیەکی وای لەگەڵ دابێت کە لە بوومەلەرزە بچێت و هەموو دڵێک بەڕوودانی لەرزینەکەی بلەرزێنێت و ڕابچلەکێنێت. لەوانەشە لەجێ ی خۆیەوە پەل بهاوێت و زیادەڕۆیی بکات (يطغى) تاکو جێ یەکی دیکەش بگرێتەوە و بەمەش ناوببریت بە (طاغية). جا ئەو وەسفانەی دی کە قورئان بەچەند گوزارشتێکی دی بۆ (صاعقة) ی داناوە دەربڕینێکی دروست و تەواوە کە وەسفی شوێنەوار و هۆکاری و دیاردەکانی دەکات.
چەند پەند و وانەیەک
لەڕێنماییە جوان و بەهادارەکانی قورئان ئەوەیە:
١ـ پاراستنی ئەو نیعمەتە جوان و بەنرخانەی کە خودای گەورە بۆ بەندەکانی تەرخان کردووە.
٢ ـ داوای ڕێکی و میانڕەوی لە بژێویدا لێکردوون وڕێگەی دەست بڵاوی و پەرش و بەفیڕۆدانی ئەو نیعمەتانەی لێگرتوون, هەروەک لە ئایەتێکی قورئاندا لەسەر زاری هود (عليه السلام) هاتبوو دەڵێت: (بۆچی ئەو هەموو کۆشك و تەلارە گەورانە لە شوێنە بڵندەکاندا دروست دەکەن؟ ئایا بۆ ئەوەیە تاکو ڕادەی دەوڵەمەندی و دەست ڕۆیشتوویتان بزانرێت و بەئومێدی ئەوەن هەمیشە بژین و نەمرن؟:
{{أَتَبْنُونَ بِكُلِّ رِيعٍ آيَةً تَعْبَثُونَ ﴿١٢٨﴾وَتَتَّخِذُونَ مَصَانِعَ لَعَلَّكُمْ تَخْلُدُونَ ﴿١٢٩﴾}}. ألشعراء.
(هود) ی پێغەمبەر لەکاری بینا و خانووی گەورەدا سەرزەنشتی گەلەکەی دەکات، چونکە ئەوان ئەو جۆرە خانووبەرەیان بە مەبەستی نیشتەجێ بوون و حەوانەوە بنیاد نەنابوو، دەنا سەرزەنشتی نەدەکردن لەسەر ئەو کارە، بەڵکو بەحەز و ئارەزوویان لەشانازی بەخۆوەکردن و لووتبەرزی و خۆ بە گەورەزانینەوە ئەو کۆشک و تەلارانەیان بنیات نابوو، ئەوەش نەریتێکی دەست بڵاوی بێزراوە چونکە لەپشت ئەو کارانەوە بەتەمای نەمریی بوون لە زەویدا و وێڕای ئەوەش کە نەمری (خلود) مەحاڵە و خۆشی ی دنیاش کەمە.
________________________________
*واتە لە کەس و کاری خۆیان.