(بۆخوارەوە)(بۆسەرەوە)


ئەیوب ()


(ئەیوب) لە نەوەی ئیبراهیم پێغەمبەرە () بە بەڵگەی ئایەتی ژمارە (٨٤)ی سورەتی (الانعام) کە خودای گەورە تێیدا فەرموویە:
{{وَوَهَبْنَا لَهُ إِسْحَقَ وَيَعْقُوبَ كُلاًّ هَدَيْنَا وَنُوحًا هَدَيْنَا مِن قَبْلُ وَمِن ذُرِّيَّتِهِ دَاوُودَ وَسُلَيْمَانَ وَأَيُّوبَ وَيُوسُفَ وَمُوسَى وَهَارُونَ وَكَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ ﴿٨٤﴾}}. الانعام.
واتە: (ئیبراهیم) پاش ئەوەی هیوای منداڵی نەمابوو، ئیسحاق و یەعقوبمان پێبەخشی، هەریەک لەوانمان رێنموویی کرد، پێشتریش نووحمان رێنموویی کردبوو و لەنەوەکانی (ئیبراهیم) داود و سولەیمان و ئەیوب و یوسف و موساو هاروون. ئێمە بەو شێوەیە پاداشتی چاکەکاران دەدەینەوە.

"ئەیوب" لەو پێغەمبەرانەیە کە قورئانی پیرۆز ئاماژەی بۆ پێغەمبەرێتیان کردووە، هەروەک خودای گەورە لە ڕوو کردنە گفتاری دا بۆ پێغەمبەر () باسی کردووەو فەرموویە:
{{إِنَّا أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ كَمَا أَوْحَيْنَا إِلَى نُوحٍ وَالنَّبِيِّينَ مِن بَعْدِهِ وَأَوْحَيْنَا إِلَى إِبْرَاهِيمَ وَإِسْمَاعِيلَ وَإْسْحَقَ وَيَعْقُوبَ وَالأَسْبَاطِ وَعِيسَى وَأَيُّوبَ وَيُونُسَ وَهَارُونَ وَسُلَيْمَانَ وَآتَيْنَا دَاوُودَ زَبُورًا ﴿١٦٣﴾}}. ألنساء
واتە: ئێمە وەحیمان بۆ تۆ کرد، هەروەکوو بۆ نووح و پێغەمبەرانی دوای ئەویشمان کرد، هەروەها بۆ (ئیبراهیم و ئیسماعیل وئیسحاق ویەعقووب و نەوەکانی وعیساو ئەیوب ویونس و هاروون و سولەیمان)یشمان کردو بەرنامەی ئیش و کاریانمان تێگەیاندن، (زەبور)یشمان بەخشی بە داود. (**)

"ئەیوب" زۆر پاریزگارو بە تەقوا بووەو بەڕەحم و بەسۆزبووە بۆ هەژاران و، خەمخۆرو لەخۆگری بێوەژنان و هەتیوان بووەو، ڕێزی زۆری لە میوان دەگرت و بانگی گەلەکەشی بۆ پەرستنی خودای تاک و تەنیا دەکرد، زانایانی تەفسیر و مێژوو وای دەگێرنەوە کە (ئەیوب) خاوەنی ماڵ و سامانێکی زۆر بووە، جگە لەوەش خاوەنی کوڕو نەوەو کەس و کارێکی زۆرو بنەماڵەیەکی گەورەش بووە.. لەناکاودا هەموو هەموو ئەم نیعمەت و ماڵ و سامان و کوڕو کەس و کارانەی لێ دەستێنرێتەوەو لەش و لاریشی تووشی چەندین جۆرە دەردو بەڵا دەبێت. هیچ ئەندامێکی ساغ لەجەستەی دا نامێنێت تەنها دڵی و زمانی نەبێت کە زیکرو یادی خودای گەورەی پێ دەکات، بێگومان ئەویش لەهەموو ئەو بەڵاو میحنەتانەی دا بەئارام و خۆڕاگر بوو و باوەڕی بە پاداشتی ئەو خۆڕاگری یەی هەبوو.. شەوو ڕۆژ لەیادی خودای گەورە دابوو و بۆساتێک خودای لەبیر نەدەکرد.

یەک لەدوای یەک منداڵەکانی مردن، (ئەیوب) بێباکانە ئارامی دەگرت، تەنها هاوسەرەکەی ماوەیە. هەروەها نەخۆشی یەکەشی بەجۆرێکی وا پەرەی سەند کە هیچ کەسێک نەیدەتوانی لەلای دانیشێت. بەڵکو وەک لەڕیوایەتێکی مێژوویی دا هاتووە هەموان لێ ی دوورکەوتنەوەو، کەسێک نەمابوو تا سۆزێکی بۆ بنوێنێت، تەنها هاوسەرەکەی خۆی نەبێت کە هەردەم چاودێری دەکردو بایەخی تەواوی پێ دەداو، چاکەو لەخۆبووردوویی و سۆزی لەوەبەری (ئەیوب)ی مێردی لەیاد نەکردبوو و، بەوپەڕی ڕێز پێزانینەوە لەخزمەتی دابوو. بێگومان ئەم ژنەشی (وەک خۆی) بەئارام و خۆڕاگر بووە لەسەر ئەو کارەساتی لەدەست چوونی ماڵ و کوڕو نەوەیەو لەسەر ئەو هەموو دەردوو پەتایەش کە تووشی مێردەکەی ببوو، جگە لەدەستکورتی و نەبوونی و خزمەتکارییش بۆ خەڵکی لەدوای ئەو هەموو نیعمەت و بەختیاری یەی پێشوویان.

هەموو ئەم دەردو نەبوونی و مەینەتی یانەش ورەو خۆڕاگریی پتری بۆ (ئەیوب) زیاد کردو بە (احتساب) و باوەڕو قەناعەت بەپاداشتی مەینەتی یەوە خۆی ڕادەگرت و سوپاس و شوکرانەبژێریی خودای دەکرد، تەنانەت بەشێوەیەک خۆی ڕاگرتووە کە هەمیشە نموونە لەسەر خۆڕاگری یەکەی لەهەر مەسەلەو کاروبارێکی لەو جۆرانەدا دەهێنرێتەوە. هەروەها نموونەی لەسەر هەموو ئەو بەڵاو میحنەتە هەمەچەشنانەی پێ دەهێنرێتەوە.[29]

دەربارەی ماوەی مەینەتی یەکەشی، زانایان وتەو بیروڕای لێک جودایان هەیە، هەندێکیان دەڵێن (٣) سێ ساڵ لەو مەینەتی یەدا بووە، هەندێکیشیان دەڵین (حەوت سال و چەند مانگێک بووە)، هەندێکی دیکەشیان دەڵێن (١٨) هەژدە ساڵ لەو مەینەتی یەدا بووە.

دەربارەی بەسەرهاتیشی ئەوە گێڕراوەتەوە کە هاوسەرەکەی پێ ی گوتووە: ئەی (ئەیوب) گەر لەخودای خۆت بپاڕێیتەوە ئەوا ڕزگارت دەکات لەم بەڵایانە.. ئەویش لە وەڵامیدا گوتوویەتی: من حەفتا ساڵ بەساغ و سەلامەتی ژیاوم و ئەگەر حەفتا ساڵی دیکە دوای ئەمە بەنەخۆشی و ناڕەحەتی بژیم ئەوا هەر کەمە بۆ خۆڕاگرتنم تیایدا.

هەروەها مێژوونووسەکان چەندین ڕووداوو چیرۆکیان لە (ئەیوب) گێڕاوەتەوە لەم ڕووەوە سوودیان لە (کتێبی ئەیوب ـ سفر ایوب) وەرگرتووە یان لە (تەفسیری یەهوود بۆ تەورات کە بە "هجادة" ناو دەبرێت)و ئەم سەرچاوانەش جێ ی پشت پێ بەستن و متمانەی زانایانی ئیسلام نین، چونکە چەندین شتی نابەجێ و ناڕاستیان تێکەڵ کراوەو چەندین ڕوودای هەڵبەستراویشی تێ ئاخنراوە.

هەندێک لەڕاڤەکاران (مفسرین)ی قورئانیش ڕەخنەیان گرتووە لەو مێژوونووسانەی کەجۆری ئەو دەردو بەڵایانەی (ئەیوب)یان دیاری کردووە. لەم بارەیەوە مامۆستا (احمد المراغی) لە تەفسیرەکەیدا دەڵیت: هەرچی گێڕراوەتەوە لەڕادەو ئەندازەی ئەو مەینەتی یەی تووشی (ئەیوب) بووە کە گوایە گەیشتبیتە ڕادەی ئەوەی خەڵکی لێ ی دوورکەونەوەو، خۆیانی لێ بپارێزن و، لەپلەو پایەو شکۆی پێغەمبەرێتیان دابەزاندبێت و بردبێتیان بۆ دەرەوەی شارو، لەسەر زبڵخانە فڕێیان دابێت و، ئیدی جگە لەهاوسەرەکەی خۆی کەسی دی سەردانی نەکردبێت و هەرئەویش خۆراک و کەرەسەی پێویستی بۆ بردبێت، هەموو ئەو قسەو باسانە لەو هەواڵە درۆو دەلەسە هۆنراوانەی جوولەکەکانە کە بە (اسرائیلیات) ناو دەبرێت و کە جێ ی هیچ بڕوا پێکردن و متمانە پێ بوونێک نین، چونکە هیچ بەڵگەیەکی پشت پێ بەستراوی بەهێزیان نی یە کە ڕاستی یەکەی بسەلمێنێت، هەروەها چونکە یەکێک لەمەرجەکانی پێغەمبەرێتی ئەوەیە نابێت پێغەمبەرەکە ئەو جۆرە نەخۆشی و دەردانەی هەبێت کە دەبنە هۆی دوورکەوتنەوەی خەڵکی لەدەوری، لەبەر ئەوەی هەر کاتێک حاڵ و تەندروستیی ئاوابێت ناتوانێت پەیوەندی بەخەڵکەوە بکات و ڕێساو حوکمەکانی خودایان پێ بگەیەنێت.[30]

قورئانی پیرۆز بەگوێرەی پێویست باسی نەخۆشی یەکەی (ئەیوب)ی کردووەو ئاماژەی بۆ شێوازی لەخوداپاڕانەوەکەشی کردووە کە چۆن لەلای خودا نزای کردووەو پاشان خودای گەورەش نزاکەی گیراکردووەو چارەی نەخۆشی یەکەی کردووەو شیفای پێ بەخشیوە ڕۆڵەو کەس و کارەکانیشی بۆ گێڕاوەتەوە، لەم بارەیەوە خودای مەزن فەرموویە:
{{وَأَيُّوبَ إِذْ نَادَى رَبَّهُ أَنِّي مَسَّنِيَ الضُّرُّ وَأَنتَ أَرْحَمُ الرَّاحِمِينَ ﴿٨٣﴾ فَاسْتَجَبْنَا لَهُ فَكَشَفْنَا مَا بِهِ مِن ضُرٍّ وَآتَيْنَاهُ أَهْلَهُ وَمِثْلَهُم مَّعَهُمْ رَحْمَةً مِّنْ عِندِنَا وَذِكْرَى لِلْعَابِدِينَ ﴿٨٤﴾ }}. ألآنبياء
واتە: یادی ـ ئەیوب ـ یش بکە کاتێک هاناو هاواری بۆ پەروەردگاری برد گوتی: خودایە، بەڕاستی من ئازارو ناخۆشیم تووش بووە، تۆش لەهەموو کەس میهرەبانترو لەهەموو کەس دلۆڤانتریت. جا ئێمەش نزامان گیرا کردو بەهاواریەوە چووین و هەموو ناخۆشی و نەخۆشیەکمان لە کۆڵ کردەوە، هەموو ماڵ و منداڵیمان پێبەخشیەوە و ئەوەندەی دیکەش لە گەڵیاندا، ئەوە ڕەحمەتێک بوو لەلایەن ئێمەوە، یاداوەریشە بۆ بەندە خوداپەرستەکان (١).

شێوازی شیفای ئەیوب

خودای گەورە فەرموویە:
{{وَاذْكُرْ عَبْدَنَا أَيُّوبَ إِذْ نَادَى رَبَّهُ أَنِّي مَسَّنِيَ الشَّيْطَانُ بِنُصْبٍ وَعَذَابٍ ﴿٤١﴾ ارْكُضْ بِرِجْلِكَ هَذَا مُغْتَسَلٌ بَارِدٌ وَشَرَابٌ ﴿٤٢﴾ وَوَهَبْنَا لَهُ أَهْلَهُ وَمِثْلَهُم مَّعَهُمْ رَحْمَةً مِّنَّا وَذِكْرَى لِأُوْلِي الْأَلْبَابِ ﴿٤٣﴾ وَخُذْ بِيَدِكَ ضِغْثًا فَاضْرِب بِّهِ وَلَا تَحْنَثْ إِنَّا وَجَدْنَاهُ صَابِرًا نِعْمَ الْعَبْدُ إِنَّهُ أَوَّابٌ ﴿٤٤﴾ }}. ص
لەم ئایەتانەی سوورەتی (ص)دا خودا ئاماژە بۆ بەسەرهاتی "ئەیوب" دەکات و لەزمانی ئەویشەوە بە مەبەستی لە ﴿أَنِّي مَسَّنِيَ الشَّيْطَانُ بِنُصْبٍ وَعَذَابٍ﴾ ئەو وەسوەسەو خورپە ساتەوەختی یانەیە کەلەکاتی نەخۆشی یەکەیدا بەدڵی دا ڕەت بوون و پەنای بەخودا گرتووە لە(قورسی ی ئەو بەڵاو مەینەتی یە)و، لە (بێ ئومێدی لەڕەحمەتی خودا)و لە (وەڕس بوون لەژان و ئازاری نەخۆشی) کە ئەمانە هەمووی چەند وەسوەسەیەکن بەدڵی مرۆڤدا ڕەت دەبن لەکاتی ئازارو نەخۆشیدا، هەر بۆیەش لەبەرامبەر ئەوانەدا پەنای بە خودا گرتووە کە لەوانە بیپارێزێت و بەدووری کات، سا ئیدی بەهۆی لابردنی بەڵاو مەینەتی یەکانیەوە بێت یان بەئاسان کردنی هۆیەکانی لابردن و دەرکردنی ئەو وەسوەسەو خورپە لەناکاوانە بەسەبرو ئارامی یەکی جوانەوە.

بۆ چۆنیەتی و شێوازی چاکبوونەوەو شیفا وەرگرتنیشی خودا بەم شێوەیە ڕێنموونی ی کردووە، پێ ی فەرمووە: ﴿ارْكُضْ بِرِجْلِكَ هَذَا مُغْتَسَلٌ بَارِدٌ وَشَرَابٌ﴾. واتە ئەی (ئەیوب): دە پێ ی خۆت بکوتە بە زەویدا ئەمە ئاویکی خۆشگەواری فێنک و بە کەڵکە (واتە: لەو ئاوە خۆت بشۆو لێ ی بخۆوە). "ئەیوب" ئەو فەرمانانەی بەجێ گەیاندو خودای گەورەش بەو هۆیەوە هەموو ئازارو نەخۆشی یەکی لەسەر لابردو شیفای داو ناڕەحەتی یەکەی لەسەر هەڵگرت.

سوێندەکەی (ئەیوب)

لەوماوە دورودرێژەی کە (ئەیوب) نەخۆش کەوتبوو، هاوسەرەکەی وەک ئافرەتێکی باوەڕداری ڕاستەقینە مێردەکەی خۆی خۆش دەویست و پشتی لێهەڵنەکردو بەجوانی خزمەتی دەکردو بەئارام بوو لەسەر ناڕەحەتی یەکانی، لەو ماوە دورودرێژەدا تەنها یەکجار دڵی میردەکەی عاجزکرد، ئەویش هەر لەبەر خاتری ئەو بوو و لەتاوی مێردەکەی ئەو هەڵەیەشی کرد هەڵبەتە هەڵەکە حەقی ئەوەی هەبوو (تەعزیز) بکرێت یان تەمێ بکرێت لەسەری. بەڵام خودای گەورە هەم ڕێ ی پێدا هەم چارەسەریشی بۆ دانا بۆئەوەی هەم (ئەیوب) سوێندو نەزرەکەی بەرێتەسەر، هەم ئازار بەهاوسەرە بەوەفاکەش نەگا‌ت، ئەمەش سەرگوزەشتەکەیە وەک (ألقرطبي) لە (إبن عباس)ـەوە دەیگێرێتەوە:
جارێک ئیبلیس (شيطان) لەشێوەی پزیشکێدا هاتووە تاکو چارەسەر بۆ (ئەیوب) دابنێ، ئیدی هاوسەرەکەی (ئەیوب) هاتووە بۆلای میردی و پێ ی ڕاگەیاندووە کە پزیشکێک هاتووە بۆ لای بەڵام کاتێک (ئەیوب) چاوی پێ دەکەوێت دەزانێت کە ئەوە (ئیبلیس)ـە، لێرەدا (ئەیوب) سوێند دەخوات لە تۆڵەی ئەوەدا ئەگەر چاک بێتەوە سەد قامچی لەژنەکەی بدات، جا کاتێک خودای گەورە شیفای نارد بۆ (ئەیوب) ڕێگەی بەجی هێنانی سوێندەکەی بۆ ئاسان کردو پێ ی فەرموو:
{{وَخُذْ بِيَدِكَ ضِغْثًا فَاضْرِب بِّهِ وَلَا تَحْنَثْ إِنَّا وَجَدْنَاهُ صَابِرًا نِعْمَ الْعَبْدُ إِنَّهُ أَوَّابٌ ﴿٤٤﴾}}. ص
واتە: ئەی (ئەیوب) دەسکێکی گچکە لە گژوگیای وشک ـ یان ڕەیحانە ـ بەدەستەوە بگرەو بەیەک جار لە ژنەکەتی پێ بدەو سوێندەکەشت مەشکینە، ئێمە دیتمان بەراستی خۆگرو ئارامگربوو، بەندەیەکی چاک بوو، بێگومان ئەو تەبەکارەو هەمیشە دڵی لای پەروەردگارە.

چەند وانەیەک

لەچیرۆکی (ئەیوب)ـەوە ئەم دەرسانە فێردەبین:
ــ خۆڕاگرتن لەسەر بەڵاو مەینەتی.
ــ ئارام گرتن.
ــ پەنابردنە بەر خودا.
ــ نەرمی لەگەڵ هاوسەردا.


گوتراوە کەوا کەس و کارو خانەوادەی "ئەیوب" هەموویان لەناکاودا مردوون تەنها هاوسەرەکەی نەبێت، دوایی خودای گەورە زیندووی کردوونەوەو هێندەی ئەوانی دیکەش ماڵ و منداڵی دی پێ بەخشیوە، گوتراویشە خودا پاداشتی لەسەر نەمانی ئەو کەس و کارەی بە چەند ڕۆڵەیەکی دی داوەتەوەو لەدنیادا لەباتی ئەوان چەند منداڵیکی دیکەی پێ بەخشیوە

زەبور کتێبێک بووە زۆربەی تەسبیحات وستایشی پەروەردگار بووە

ئەو وەزیرە کۆگاداری سەر کۆگاو گەنجینەکانی میسر بووە لەسەردەمێ یەکێک لەپادشاکانی میسردا


گەڕانەوە بۆ لاپەڕەی سەرەکی