|
بسم الله الرحمن الرحيم
ئەصلی مەشروعیەتی سەعی:
بوخاری لەئیبن عەبباسەوە خودا لێیان ڕازی بێت دەگێڕێتەوە کە فەرموویەتی: ئیبراهیم (علیە السلام) هاجەر و ئیسماعیلی کوڕی کەلە و کاتەدا ئیسماعیل شیرەخۆرە بوو هێنانی، لای بەیت داینان لای دارێکی گەورە لەسەر زەمزەم، هەردوکیانی لە ژێر دارەکە دانا. لەو کاتەدا کەس لە مەککە نەدەژیا و ئاوی تێدا نەبوو، تورەگەیەک خورمای لا دانان و جەوەنەیەک کە ئاوی تێدا بو، لەپاشاندا ئیبراهیم بەرە و دوا گەڕایەوە، دایکی ئیسماعیل شوێنی کەوت و گوتی: ئەی ئیبراهیم بۆ کوێ دەچیت و لەم دۆلە چۆڵ و هۆڵەدا بەجیمان دەهێڵی؟ چەند جار ئەوەی دووبارە کردەوە، بەڵام ئیبراهیم ڕووی نەکرد بەلایەوە پاشان گوتی ئایا خودا فەرمانی پێ داوی وەها بکای؟ فەرموی بەڵێ، گوتی: کەواتە خودا بێ سەر و شوێنمان ناکات و نامان فەوتێنێ.
ئیبراهیم ڕۆیشت هەتا گەیشتە لای پێچیک بە شێوەیەک ئەوان چاویان لێ نەبوو، ڕووی کردە شوێنی (بەیت) و بەم دوعایانە پاڕایەوە و هەردو دەستی بەرز کردەوە و گوتی: [رَّبَّنَا إِنِّي أَسْكَنتُ مِن ذُرِّيَّتِي بِوَادٍ غَيْرِ ذِي زَرْعٍ عِندَ بَيْتِكَ الْمُحَرَّمِ رَبَّنَا لِيُقِيمُواْ الصَّلاَةَ فَاجْعَلْ أَفْئِدَةً مِّنَ النَّاسِ تَهْوِي إِلَيْهِمْ وَارْزُقْهُم مِّنَ الثَّمَرَاتِ لَعَلَّهُمْ يَشْكُرُونَ]، (ابراهیم ـــ 37). واتە ئەی پەروەردگارمان من هەندێ لە منداڵەکانم بەجێ هێشتووە لە دۆڵیکی بێ کشت و کاڵ و ئاو لای ماڵە پیرۆز و ڕێز گیراوەکەت، خودایە بۆ ئەوەی تا بەچاکی نوێژ و خوداپەرستی ئەنجام بدەن، خودایە دڵی هەندێک لەو خەڵکە کەمەندکێش بکەیت بۆ لایان و لە ڕزق و ڕۆزی جۆرا و جۆر بەهرەمەندیان بکەیت بۆ ئەوەی سوپاس گوزاریت بکەن.
ئینجا دایکی ئیسماعیل لە ژێر درەختەکەدا دانیشت منداڵەکەی لە تەنیشت خۆیەوە دانا جەوەنەکەی هەڵواسی لێی دەخواردەوە و منداڵەکەی شیر دەدا هەتا ئاوی ناو جەوەنەکە بڕایەوە، ئیتر شیریشی تێدا نەما و برسیەتی زۆری بۆ منداڵەکەی هێنا هەتا وەهای لێ هات سەیری کرد خەریک بوو گیانی دەدا، هەڵسا لەبەر ئەوەی حەزی نەدەکرد بەو شێوەیە بیبینێ، چووە سەر صەفا ـ کە نزیکترین تەپۆڵکە بوو لێیەوە ـ پاشان سەیری دۆڵ و شیوەکانی کرد بزانێ کەسێک بەدی ناکات؟ بەڵام کەسی نەدیت، هاتە خوارەوە لە صەفا، هەتا گەیشتە شیوەکە چمکی کراسەکەی کرد بە لادا و دەستی کرد بەڕاکردن وەک کەسێکی ماندوو هەتا لە شیوەکە تێپەڕی، لەپاشاندا چووە سەر مەروە ـ ئەویش تەپۆڵکە بوو ـ وەستا سەیری دەکرد بزانێ ئایا کەس بەدی ناکات؟ بەڵام کەسی نەبینی، حەوت جار ئەوەی کرد، ئیبن عەبباس خودایان لێ ڕازی بێت فەرموویەتی: پێغەمبەر ( ) دەی فەرموو: (فلذلك سعی الناس بینهما). واتە: ئەو ڕاکردنەی نێوان صەفا و مەروە لەبەر ئەوەیە.
|