چەند ئامۆژگارییەك بۆ ئەوانەی ڕێگەی سەفەر دەگرنە بەر بە مەبەستی حەج:
1ـ مەبەست لەو سەفەرە پیرۆزە تەنها بۆ ڕەزامەندی خودای گەورە بێت و نزیك بونەوەبێ لێی، نەك لەبەر خاتری دنیا و خەڵکی بێت و پێی بگوترێ حاجی و شانازی بەنازناوەکەی بکات.
2 ـ باشتر وایە وەسیەت نامە بنوسی و جێی بهێلی دەربارەی قەرز و قۆڵە و ئەو ئەمانەتانەی کە لایەتی بە مەبەستی ئەوەی بگێڕدرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان چونکە ژیان و مردن تەنها بەدەست پەروەردگارە.
3 ـ تەوبە کردن لەو گوناهانەی کە کردوویەتی و پەشیمان بێتەوە لێیان و دوبارەیشی نەکاتەوە.
4 ـ ئەو پارەیەی کەسەفەری پێ دەکات دەبێ بەحەڵاڵی دەستی کەوتبێ.
5 ـ دوورکەوتنەوە لەهەموو جۆرێکی بەدڕەوشتی، ئەزیەت و ئازاری خەڵکی نەدات بە دەست و بەزمان، پاڵەپەستۆ لەگەڵ خەڵکی نەکات بۆ ئازار دانیان، دووزمانی نەکات، لەپاش ملە باسی کەس نەکات و درۆ نەکات.
6 ـ پێویستە شارەزایی پەیدا بکات لەسەر چۆنیەتی کردنی عومرە و حەج.
7 - پاریزگاری هەموو ئەرکەکانی سەرشانی بکات، لەهەمووی گرنگتر نوێژ کردن لەکاتی دیاریکراودا و بەجەماعەت، قورئان خوێندن، دوعاو زیکر، یارمەتیدانی خەڵکی و یارمەتیدانی هەژاران، سەبر و ئارام گرتن، وئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە ئامۆژگاری کردنی وهاندانی خەلکی یە بەکردنی شتی چاکە و دورکەوتنەوە و واز هێنان لە خەراپە.
8 ـ داوا کردن لەخێزان و خزم و کەس و کاری کە لە خودای گەورە بترسن وپابەند بن بە فەرمانەکانی، ئەوەش وەسیەتی خودای گەورەیە بۆ هەموو کەسێک و لەهەموو کاتێک و شوێنێکدا.
9 ـ باشتر وایە هەردەم ئەو دوعا و زیکرانەی کە لەپێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) هاتووە هەمیشە لەیادی بێت و لەوانە دوعای سوار بوونی هەر ئامێرێک بێ لە ئامێرەکان و هەروەها دوعای سەفەر.
10 ـ هەوڵی ئەوە بدات هاوڕێی باش هەڵبژێرێ بۆ سەفەرەکەی.
پایەکانی حەج و عومرە (ارکان الحج والعمرە):
کارەکانی حەج و عومرە پێک هاتووە لە (4) چوار پایە (رکن) دەبێ هەمووی جێ بەجێ بکرێت، بەنەکردنی یەک لەو کارانە حەج یا عومرە قەبوڵ نابێت وە هیچ کارێکی دیکە جێگەی ئەو کارانە ناگرێتەوە.
حەج چوار پایەی (رکن) ی هەیە بەڕای سەرجەمی زانایان، ئەو چوار پایەیە ئەوانەن:
1ـ ئیحرام (الاحرام):
ئیحرام نیەت هێنانی چوونە ناو کارەکانی حەج و عومرە ودەست پێکردن بە کارەکانیانە، ئەوجا بۆ حەج بێ یان بۆعومرە یان بۆهەردووکیان بەیەکەوە ئەو کەسە بە (محرم) ناودەبرێت، واتە ئەو کارانەی کە پێش ئیحرام کراوە نابێ لەکاتی ئیحرامدا بکرێت وەك: لەبەرکردنی پۆشاکێك کە لەمەوپێش لەبەر کراوە، وەك سەر داپۆشین بە کڵاو و شتی دیکە، لەبەرکردنی جل و بەرگی دووراو (پیاوان)، بەکار هێنانی بۆن و بەرام، جیماع کردن و ڕاوکردنی ئاژەڵ.
2 ـ وەستان لەعەرەفە:
زانایان هەموویان لەسەر ئەوە ئیجماعیان هەیە کە وەستان لەعەرەفە ڕوکن و پایە گەورەکەی حەجە، بەپێی ئەوەی ئەحمەد و خاوەن سونەنەکان دەگێڕنەوە لە (عبدالرحمن) ی کوڕی یەعمورەوە: کە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانی دا بانگ بێژێك بانگەواز بکا: (الحج عرفة، من جاء ليلة جمع قبل طلوع الفجر فقد ادرك). واتە حەج وەستانی عەرەفەیە ـ (حەجی صەحيح حەجی ئەو کەسەیەکەفریای وەستان کەوتووە لەڕۆژی عەرەفە) ـ هەرکەس شەوی جەمع گەیشت پێش ئەوەی رۆژ هەڵبێت ئەوە گەیشتووە بەحەج.
3 ـ تەوافی ئیفازە (طواف الافاضة):
مسوڵمانان ئیجماعیان کردووە کە تەوافی ( افاضة) پایەیەکە لەپایەکانی حەج ئەگەر حاجیەك نەیکات حەجەکەی بەتاڵە، بەپێی فەرموودەی خودای گەورە: [ثُمَّ لْيَقْضُوا تَفَثَهُمْ وَلْيُوفُوا نُذُورَهُمْ وَلْيَطَّوَّفُوا بِالْبَيْتِ الْعَتِيقِ ﴿٢٩﴾] (ألحج 29)
4 ـ بەپەلە ڕۆیشتن و ڕاکردنی نێوان صەفا
و مەروە (سعی).